دەربارەی کۆنفرانس

Vector

دەربارەی کۆنفرانس

ئەم کۆنفرانسە لەسەر شاعیری گەورەی کورد مەولەوییە، بۆ ئەوەیە نەک تەنها وەک شاعیرێک، بەڵکو کەسایەتیی مەولەوی لە هەموو ڕەهەندەکانەوەو لە ڕوانگەی سەرجەم بەرهەمەکانییەوە زیاتر بناسێنرێت و بناسرێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە لە رێگەی ئەم کۆنفرانسەو نوسینی توێژینەوەی زانستییەوە لەلایەن توێژەر و شارەزایان و مەولەویناسانەوە ئاوڕ لە سەرجەم بەرهەمەکانی مەولەوی بدرێتەوە. ئەم کۆنفرانسە لەلایەن (زانکۆی سلێمانی و ماڵپەڕی مەولەوی)ییەوە ئەنجام دەدرێت و ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کراوە، جگە لە لیژنەی ئامادەکاری و زانستی و لیژنە ئاساییەکانی تری کۆنفرانس، لیژنەیەکی ڕاوێژکاریشی بۆ پێکهێنراوە لە کەسانی بە ئەزموون و مەولەویناس، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزاییان وەربگیرێت و تەوەرو ڕەهەندەکانی کۆنفرانسەکە دەوڵەمەندتر بێت و پڕ بە پێستی کەسایەتیی مەولەوی بێت. کۆنفرانسەکە ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە (١٥-٢٠٢٤/٥/١٦) لە زانکۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت. بەو هیوایەین مامۆستایانی زانکۆ و مەولەویناسان و توێژەرانی ناوەوەو دەرەوەی وڵات و کایەی ئەکادیمی بە نوسینی توێژینەوە تیایدا بەشدار بن.

Image Of Pen

دیدگای کۆنفرانس

سەید عەبدولڕەحیمی تاوگۆزی، کە نازناوە شیعرییەکەی (مەعدومی)یە، لە کایەی ڕۆشنبیریی كوردیدا زیاتر وەك شاعیرێک ناسراوە، بەڵام بەدەر لەوەی یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، زانایەکی ئایینی و عارفێکی گەورە بووەو چەندین کتێبی لە بوارەکانی عەقیدە و کەلامدا بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی داناوە. سەرەڕای ئەوەی چەندین میهرەجان و فیستیڤاڵ لەسەر ئەم شاعیرە ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا نەتوانراوە وەک پێویست ئەم کەسایەتییە گەورەیە و بەرهەمەكانى بناسێنرێن، بە تایبەتی بە جیهانی دەرەوە؛ لەم ڕوانگەیەوە بۆ زیاتر ناساندن  و لێکۆڵینەوە لە مەولەوی وەک شاعیر و زاناو عاریفێک، لەم کۆنفرانسەدا ئاوڕ لە سێ ڕەهەندی سەرەکیی ئەم کەسایەتییە دەدرێتەوە، کە بریتین لە: مەولەوی وەک زانا و عاریفێک، مەولەوی وەک شاعیرێک و گرنگیدان بە ڕەهەندی مێژوویی ژیانی مەولەوی لە ڕووی نامەو دەستنووسەکانی پەیوەست بەم شاعیرەوە.

ئامانجی کۆنفرانس

  • توێژینەوە لە بەرهەمەكانى مەولەوی لە بوارەکانی عەقیدە و کەلام و سۆفیگەریدا.
  • توێژینەوە لە ڕەهەندە جیاواز و قسە لەسەر نەکراوەکانی شیعری مەولەوی.
  • دۆزینەوە و ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە رەهەندە جیاوازەکانی ژیان و بەرهەمەكانى مەولەوی لە ڕوانگەی دەستنوس و نامەکانی پەیوەست بە مەولەوییەوە.